گرووپە چەکدارەکانی سوریا، دیارترینیان تەحریری شام (دەستەیی ئازادکردنی شام) لە ژێر ناوی "بەرپەرچدانەوەی دووژمنکاری "لە ماوەیی دوو ڕۆژی ڕابردوو هێرشیان کردە شاروشارۆچکەکانی سوریا؛ گروپە چەکدارەکان توانیان حەلەب داگیر بکەن بەبێ ئەوەی سوپای ئەسەد بەرپەچیان بداتەوە. بێگومان ئەم هاوکێشە سیاسییە شرۆڤە و لێکردانەوەی زۆری بەخۆیەوە دیوە، چونکە هێرشی گروپەکان لەناکا و چاوەڕوان نەکراوبوو. دەتواین گرنترین هۆکار و فاکتەرەکانی پشت ئەم هێرشانە بۆ ئەم خاڵانەیی خوارەوە کورتبکەینەوە:
1- بارودۆخی ناوخۆیی سوریا، هێزەکانی سوریا بەبێ شەڕکردن ناوچەکان چۆڵدەکەن، ئەمەش دەرئەنجامی گەندەڵی و نەمانی متمانەیی سیاسییە بە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی ئەسەد.
2- بێگومان گرووپەچەکدارەکان بەبێ بەڵێی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناتوانن هێرێشکی لەم جۆرە بکەن، ئەمریکا وەک زلهێزی جیهان تا ئێستا چاودێری دۆخی سوریا و ناوچەکە دەکات، بەبێ ئەوەی گڵۆپی سەوز بۆ هیچ وڵات و لایەنەک هەڵبکات.
3- ئامانجی یەکەم و کۆتایی تورکیا لەناوبردنی ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەردوغان لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار داوای لەبەشار ئەسەد کردووە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن وکێشەکان لەڕێگەی دانوستان و دیالۆگە چارەبکەن؛ بەڵام ئەسەد ئامادەنەبوو. چونکە داوای کێشانەوەی هێزەکانی تورکیای دەکرد لە سوریا.
4- ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی بەهۆی شەڕی ئیسرائیل تواناکانی لاوازبوونە و تەرکیزی زیاتر لەسەر ئیسرائیلە نەوەک سوریا. بە تایبەت دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و جێگەرەکەیی و فەرماندە سەربازییە پلە باڵاکان.
5- ڕووسیا سەرقاڵی شەری ئۆکرانیاییە، زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێن شەڕی ناتۆ. بۆیە تورکایە ئەمەی بە دەرفەت زانی بۆ ئەوەی دەستی واڵتر بکات لە سوریا.
هەموو ئەوانە وایان له تورکیا کرد هێرێشکی لەمجۆرە لە سوریا ئەنجامبدات، وا دیارە بەردەوامیش دەبێت تا ئەو شوێنەیی دەیەوێت و دەتوانێت دەستی بەسەردابگرێت. هاوکێشە سیاسیەکان ئاڵۆز و قوڵن، وەک هەڵقەیی زنجری بەیەکەوە گرێدراون. گەڕانەوەیی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشی سپی، دەستی وڵاتان و هێزەکانی کردەوە؛ بۆ ئەوەی بەر لە دەستپێکردنی ئیدارەی ترامپ لە 20/1/2025 کارتی گوشیاریان لەبەر دەستدابێت تا بتوانن ئاسانتر مامەڵەبکەن.
کورد پێویستە چی بکا؟
شەڕو ئاڵۆزی لە هەر پارچەییەکی کوردستان بێت، پڕووشکی ئاگری بەر کورد دەکەوێت. کورد لە سوریا خاوەن دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمییە. پێویستە کورد بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانە بکات لەم چەند خاڵە کورتیان دەکەینەوە:
1- زۆر گرنکە لە ئێستادا کورد نەبێتە بەشێک لەم شەڕه. بەتایبەت لە هەندێک ناوچە کە هێزەکانی سوریا چۆڵیانکردووە لە ژێر دەستی کورددایە. ئەسەد دەیەوێت کورد لەگەڵ تورکیا دووچار پێکدادان بێت.
2- پارێزگاریکردن لە ناوچەکانی ژێردەستی نەوەک هێرشکردن. چونکە پارێزگاریی کردنی ناوچە کوردییەکان ئەرکی هێزە کوردییەکانە.
3- هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوام لەگەر ئەمریکا لە هەر هەنگاونانێکدا، بەو پێیەیی ئەمریکا پشتیوانی ڕۆژئاوایی کوردستانە.
4- له ڕاستیدا ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ گەڕانەوەیی ناوچە کوردییەکان؛ بەڵام ئەمە لە حاڵەتی کەوتنی دیمەشق و ئەسەد.
نووسینی: هاوبیر ئیمان