جەنگی دێرەزۆر بۆ دووەمجار سەری هەڵدایەوە، ئەو جەنگەی كە لەنێوان هۆزە عەرەبیەكان و هێزی سوریای دیموكراتییە.
دێرەزۆر دەكەوێتە رۆژئاوای كوردستان كە دەكاتە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا و بەشی باكور و رۆژهەڵاتی دێرەزۆر بە دەست هێزەكانی سوریای دیموكراتە، كە لە دوای جەنگی رەقە لە 17\10\2017 لە تیرۆرستانی داعش پاككرایەوە بە هاوكاری ئەمەریكا و هاوپەیمانان.
وەكو لەم چەند رۆژەی پێشووتردا بینرا هۆزە عەرەبیەكانی نزیك روباری فورات دەستیانكرد بە هێرشێكی فراوان و چەندان ناوچەیان داگیركرد و هێزی سوریای دیموكراتیان لەو ناوچانە دەركرد، بەڵام ئەمە یەكەم هێرشی هۆزە عەرەبیەكان نییە كە دەكرێتە سەرهێزی سوریای دیموكرات، بەڵكو ئەمە دووەمجارە كە ئەم جەنگە لە دێرەزۆر ڕوودەدات.
یەكەم جەنگی دێرەزۆر
هۆزە عەرەبیەكانی عقێدان و شەمەڕ...هتد كە ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزۆریان پێكهێنابوو، هاوپەیمانی بەهێزیان لەگەڵ هێزی سوریای دیموكرات هەبوو، ئەم هاوپەیمانییە لە جەنگی دژ بە داعش و بە هاوكاری ئەمەریكا پێكهێنرا و توانرا هەردوو هێز بەیەكەوە جەنگ دژی داعش بەرپا بكەن، بەڵام لە كۆتایی مانگی 8ی 2023 هۆزە عەرەبیەكان هەڵگەڕانەو ە لە هێزی سوریای دیموكرات و چەندان ناوچەیان داگیركرد و كوشت و بڕی هێزی سوریای دیموكراتیانكرد، هەڵبەتە ئەم هێرشانە لەلایەن فیدڕاسیۆنی هۆزەكانی فوڕات ئەنجامدراوە و توانرا پێشڕەوی بكەن لە بەرەی رۆژهەڵاتی دێرەزۆر كە ناوچەیەكی دەوڵەمەندی نەوتییە.
بەڵام ئەم هێرشانە لە پاش شەرێكی خوێناوی وەستێنرا و هێزی عەشایەرەكانی عەرەب پاشەكشەیان پێكرا و ناوچەكانی كە داگیریانكردبوو لێیان وەرگیرایەوە.
لە پاش ئەو ڕووداوە پەیوەندیەكانی هۆزە عەرەبیەكان و هێزی سوریای دیموكرات بەرەو باشتر نەدەچوو، بۆیە لە 20ی مانگی 11ی ساڵی 2023 سەرۆك هۆزی عقێدان بەناوی ابراهيم الهفل بە فەرمی ڕایگەیاند كە هێزی جيش قوات العشائر العربية دامەزرا و ئامانجی سەرەكی ئەم هێزە ركابەری هێزی سوریای دیموكراتە و بەرەنگاریكردنە لەگەڵیان.
جەنگی دووەمی دێرەزۆر
لەدوای گرژی و ئاڵۆزیەكانی جەنگی یەكەمی دێرەزۆر هۆزە عەرەبیەكان ڕاگەیندراوێكیان بڵاوكردەوە لە سەرەتای مانگی 8ی 2024 بۆ ئەوەی هێزی سوریای دیموكرات لە دێرەزۆر بكشێتەوە و بدرێت بە هۆزە عەرەبیەكان، كە بێگومان ئەمە ئامانجی هۆزە عەرەبیەكانی دێرەزۆربووە. بۆیە هێرشێكی لەناكاوی هۆزە عەرەبیەكان لە دەوروبەری دێرەزۆر بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی دێرەزۆر دەستی پێكرد، بۆیە توانیان دەست بەسەر ناوچەكانی (البصيرة وأبريهة وذيبان والشحيل والطيانة وأبو حمام واللطوة وغرانيج) دا بگرن، بەڵام هێزەكانی سوریای دیموكرات بە هاوكاری ئەمەریكا توانیان چەند ناوچەیان لێوەرگرنەوە و جەنگ هەتا رێكەوتی 8\8\2024 بەردەوامە.
لە هەردوو هێرشی هۆزە عەرەبیەكان كە لەناكاو دوور بووە لە هەر ئاگادارییەكی هێزەكانی سوریای دیموكرات و سەرانی برایەتی گەلان، ئەمە دەرخەری ئەو شكستە یەك لەدوای یەكانەیە كە ئۆجالان بۆ یەپەگە و هێزی سوریای دیموكرات و نموونەی وەك مەزڵوم عەبدیی داڕشتووە، ئەویش دیموكراتی كۆنفیدڕالییە، ئەم سیستەمە جگە لەم دوو شكستە گەورەیەیی كە بەدەستی هێنا لەسەرەتاكانی جەنگ دژی داعشیش چەند جار شكستی خۆی نمایشكردبوو، ئیدارەی خۆسەر كە دەستی برایەتی بۆ عەرەب درێژ دەكات دەشبێت بزانێت كە دەستی ژەهراوی دەبێت و دەبێتە شكستخواردوویەكی هەڵخەڵەتاو بەهۆی بیرۆكەكانی ئۆجەلان بۆ كارگێریكردنی رۆژئاوای كوردستان.
چەپەكان نەك هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی خۆیان و برا عەرەبەكانیان باس ناكەن، بەڵكو هەتاوەكو پێیانبكرێ چەواشەشی بۆ دەكەن، هەرجارەو بە پینەیەك ئەم كراسە دڕاوەی ئۆجەلان پینە دەكەن، ئۆجەلان و چەپەكان و بەشێك لە نەتەوەییە بێ ئایدۆلۆژیاكان لە هەوڵی خەفەكردنی ئەم ڕاستییەن كە یەپەگە تەمەنی كورتە و بۆ هەتا هەتایە ئەمەریكا دەست بەسەر سەریدا ناهێنێت و لە جیاتی دروستكردنی ویستێكی نەتەوەیی لە رۆژئاوای كوردستان و دروستكردنی ئینتیما بۆ نەژاد و خاك، پێچەوانەكەیانكردووە كە ئەویش برایەتی گەلان و مرۆڤایەتی و هەندێك بابەتی دیكە، كە لەم جەنگانە بەهیچ شێوەیەك بە فریایان ناكەوێت، ئەمەش ببێتە وانەیەك كە هەركات چەپ دەسەڵاتی هەبوو جگە لە شكست هیچ بەرهەمێكی دیكە دروێنە ناكات.