كەرتی تایبەت بریتییە لەو كەرتەی كە خاوەندارێتییەكەی بۆ تاكێك یان چەند تاكێك یاخود ڕێكخراوێكی ناحوكومی دەگەڕێتەوە كە سەربەخۆیەوە و سەر بە كەرتی گشتی واتا خاوەندارێتی دەوڵەتی نییە.
كەرتی تایبەت سەرەتا لە خاوەندارێتی تایبەتەوە سەری هەڵدا و گەشەیكرد، خاوەندارێتی تایبەت واتا تاكێك بتوانێت خاوەندارێتی كاڵایەك یان شتێك بكات، جا ئەو شتە نرخێکی هەبێت یان نەیبێت، گرینگ ئەوەیە مرۆڤ خۆی بە خاوەنی كەل و پەل و شتومەك زانیوە و توانیویەتی ببێتە كەسایەتییەكی سەربەخۆ، هەر ئەم خاوەندارییەتی تایبەتەشە بووە هۆی دروستبوونی بەرژوەوەندی نوێ و گەشەكردنی ئەم خاوەندارێتییە لە كەل و پەلی بچووک هەتا خاك و خانوو... بۆیە مرۆڤی ئازاد پێویستە خاوەندارێتی كەل و پەلی خۆی بكات و شەرم لەو خاوەنداریەتییە نەكات كە هەیەتی.
كەرتی تایبەتیش هەر لەم ئاراستەیەوە گەشەیكردووە و مرۆڤ لەناو دەوڵەتی خۆیدا (دەوڵەتی نەتەوەیی) توانیویەتی ئەم مافە بپارێزێت و نەهێڵێت كە كەس دەستی بۆ ببات، كەرتی تایبەت لەناو هەموو دەوڵەتێكدا و بۆ ئابووری وڵات بە بناغەی سەرەكی دادەنرێت، بەمەرجێك وەك سەرمایەداری نەبێت، چونكە لە سەرمایەداریدا مرۆڤ جگە لەوەی سنوور دەبەزێنێت، بگرە بەڕەڵاییش دروست دەكات بەناوی بازاڕی ئازاد، كە ملكەچ نییە بۆ هەماهەنگی نێوان كەرتی تایبەت، بەڵام لە دەوڵەتێكی نەتەوەیی، كە سیسەتەمەكەی دامەزراوەییە و كەرتی تایبەت بە جوانترین شێوە ڕێكخراوە و مافی زۆری پێدراوە، و یاسای بۆ دانراوە و كار و ئەركەكانی كەرتی تایبەتی ڕێكخستووە، ئەوا هیچ جۆرە قۆرەخكارییەك ئەنجام نادرێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەموو كەرتە تایبەتەكان دەكەونە ڕكابەری بۆ بەهێزكردنی ئابووری وڵات و دروستكردنی هەلی كار لە وڵاتدا.
ئەوەی بۆ كوردستان گرینگە دروستكردنی هەلی كارە، هەلی كار بۆ گەنجانی كورد و درووستكردنی بازاڕێك بۆ خاوەنكارە كوردەكان بۆ ئەوەی كاڵاكانیان ساغ بكەنەوە و قازانجی گەورە بكەن، لەم قازانجەدا بێگومان كەرتی تایبەت گەورەتر دەبێت و هەلی كاری زیاتر دەكاتەوە و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیاتر دەبێت، دەوڵەتیش پێویستە ئاراستەی ڕێژەی بەرهەمهێنانیان بكات بۆ ئەوەی هیچ جۆرە هەڵئاوسانێك و هیچ جۆرە زیادە كاڵایەك لە بازاڕدا نەمێنێتەوە، بەڵكو پێویستە بەپێی خواستی خەڵك كاڵا بنێردرێتە بازاری كوردی، نەك هەر لە كوردستان، بەڵكو پێویستە ئەم كاڵایە ناوخۆییانە هەناردەی دەرەوەش بكرێن، هەتاوەكو داهاتێكی زۆر بهێنێتە ناو كوردستان.
لەگەڵ ئەم هاوكاریانەش پێویستە دەوڵەت ڕێگری لە كەرتی تایبەت یان گشتی دەرەكی بگرێت گەر بیانەوێت قۆرەخكاری و ڕكابەری لەگەڵ كەرتی تایبەتی كوردیدا بكەن، بەڵكو دەبێت باجێكی یەكجار زۆر لەسەر كاڵای دەرەكی دابنرێت و باجێكی زۆر ڕەمزی لەسەر كەل و پەلی ناوخۆ وەربگیرێ، یان هەر وەرنەگیرێت، گرینگ ئەوەیە زۆرترین كڕیارەكان لە كاڵای ناوخۆیی بێت، دەوڵەتی نەتەوەیی كوردی پێویستە ئەم كارانە بگرێتە ئەستۆی خۆی بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ خاوەنكارە كوردەكان.
وەرگرتنی باجیش پێویستە دەوڵەت زۆر خۆی لێ بپارێزێت، واتا نابێت دەوڵەت فشار بخاتەسەر كۆمپانیا ناوخۆییەكان، جا كۆمپانیای بچووک یان گەورە، گرینگ ئەوەیە ئەو باجەی كە دادەنرێت لەسەر كەرتی تایبەتی ناوخۆیی، دەبێت بەپێی كات و بارودۆخ گۆڕانكاری بەسەردابێت، باج پێویستە بەپێی بارودۆخی هەر كەرتێكی تایبەت بگۆڕێت، نموونە هەر كۆمپانیایەك كە كرێكاری زۆربێت پێویستە باجی زۆر كەمی لێوەربگیرێت، لەبەر ئەوەی لەم بارودۆخەدا خەرجی زیاترە لە داهات، بۆیە كۆمپانیاكە بەرەو پاكتاوكردن هەنگاو دەنێ، دەوڵەتیش دەبێ ڕێگربێت لە ئیفلاسكردنی هەر كۆمپانیایەك، ئەویش بە هاوكاریكردنیان بە كەمكردنەوەی باج یان دابینكردنی كرێكاری خۆبەخش بۆ ماوەیەك هەتاوەكو هەڵدەستێتەوە سەرپێی خۆی.
كرێكارانی ناو كەرتی تایبەت\گشتی دەبێ دوو جۆربن:
- كرێكاری ئاسایی: ئەو كرێكارانەن كە كرێیەك وەردەگرن لەبەرامبەر كارێك، كە پێویستە ئەم ڕێژەیە زۆربێت چونكە گرینگە بۆ بەردەوامی خێزان گەورەی كوردی، ئەم كرێكارانە لە ڕێكخراوی كرێكارانەوە ناونووس دەكرێن و بۆ كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت و گشتییەكان ڕەوانە دەكرێن هەتاوەكو كار بكەن.
- كرێكاری خۆبەخش: یان ڕاستترە بڵێین كرێكاری زۆرەملە، ئەم جۆرە لە كرێكاری هەركەسێك دەگرێتەوە كە بە خۆبەخشی كرێكاری بكات بۆ هەستانەوەی ئابووری وڵاتەكەی، لەگەڵ ئەمەشدا ئەوانەی حوكمدراون و زیندانین پێویستە ئامادەبكرێن بۆ كرێكاری و كاركردن لە كەرتی تایبەت و گشتی، بۆیە زۆر پێویستە ئەم جۆرە لە كرێكار كە هیچ جۆرە خەرجییەك دروست ناكات بۆ دەوڵەت و كەرتی تایبەت، بەڵكو كار ئاسانی زۆر دەكات بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانەكان.
هەموو كۆمپانیاكانیش وەك پێشتر باسكراوە لە هاوپا بەپێی پیشە و جۆری كۆمپانیا لە سیستەمی دامەزراوەیی، دەبێ لە چوارچێوەی دامەزراوەی خۆیاندا ڕێكبخرێن و دەوڵەت ئاراستەیان بكات بەپێی بەرژەوەندیان، بۆخۆشیان دەتوانن ڕێكبكەون لەسەر نرخی كاڵا بە مەرجێك گران نەبێت لەسەر گیرفانی كڕیاران.
هاوپا هەمیشە دژی ڕكابەری نێوان كەرتی تایبەتی ناوخۆیی (كوردی)ـیە، بەڵكو دەبێ كەرتی تایبەت هەموویان وەك یەك تیم كار بكەن بۆ بەهێزكردنی ئابووری وڵات و پێشخستنی خۆیان، گەر هەمووان دژی یەكبن و لە ڕكابەریدابن، ئەوا ئابووری نەتەوە دادەروخێت، گەر سەر بە دەوڵەتیشبن و تاكەكان نەتوانن خاوەندارێتی كۆمپانیا و بزنسی خۆیانبن، ئەوا دەبنە كۆیلەی دەوڵەت و ئابووریەكی لاواز و لەرزۆک بەرهەمدێت وەكو یەكێتی سۆڤیەت و ڤیەتنام و كۆریای باكوور... بۆیە زۆر پێویستە نەتەوەییەكان خوێندنەوەیەک بۆ بابەتەكان بكەن دوور لە سۆسیالیزمی چەپ و سەرمایەداری ڕاست، پێویستە كەرتی تایبەت كە لەیەك نەتەوە و نەژادن، لەگەڵ دەوڵەتی خۆیان كە دەوڵەتی نەتەوەییە، هەماهەنگبن و كۆمپانیاكانی خۆیان لە قۆڕەخكاری دەرەكی و دەستی كاری دەرەكی بپارێزن.
نوسینی: سەرهۆز هاوپایی
وتاری ژمارە (3)
(بۆ ناردنی هەر وتارێك و بەشداربوون لە وتاری هەفتانە، بەشداری لە كۆمەڵگەی هاوپا بكەن و ئادمینەكان ئاگادار بكەنەوە لەو وتارەی كە دەتەوێت لە هاوپا بڵاوبكرێتەوە.)