تورکیا و داگیرکارییەکانی لە باشووری کوردستان

 


دیوی مێژوویی:

مێژووی هاتنه ناوەوەی تورکیا بۆ باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە ساڵی 1982 پارتی کرێکارانی کوردستان لە لوبنان کۆنگرەیەکیان سازدا و بڕیاریاندا لە باشووری کوردستان جێگیربن، بۆیە تورکیا لە ساڵی 1983 و ڕێکەوتنی لەگەڵ ڕژێمی سەدام حسێن واژوو کرد بە مەبەستی پاراستنی سنوور، سەرەتا ڕێکەوتنەکە بوار به تورکیا دەدات 10 کیلۆمەتر بێتە خاکی باشور، دواتر و لە کاتی چالاکبوونی پڕۆسەکە تورکیا 30 کیلۆمەتر هاتە خاکی باشوری كوردستان بەڵام پێگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ـی کردە ئامانج نەک (پەکەکە)، لە ساڵی 1984 ڕێکەوتنێکی تریان واژوو کرد لە ژێر ناوی «ڕاوەدوونانی چڕوپڕ» کە ڕێگەی بە عێراق و تورگیا دەدا لە کاتی پێویستدا 5 کیلۆمەتر بچنە خاکی یەکەوە و لە 3 ڕۆژ زیاتر نەمێننەوە، لە ساڵی 1986 جارێکی تر دەسەڵاتی تورک چالاکی سەربازی ئەنجامدا دژی پەکەکە بەڵام شکستی هێنا، لە ساڵی 1991 چالاکییەکی تر لەلایەن تورکەوە ئەنجامدارا بە ناوی «کوتەک» و چەندین بارەگا و بنکەی لە باشوور کردەوە، لە ساڵی 1995 سەدام حوسێن ڕێکەوتنێکی تری واژوو کرد کە ڕێگەی بە سوپای تورك دەدا كە بمێنێتەوە.


ڕێکەوتنەکان تەواوبوون:

بە وتەی زۆربەی یاساناسە نیودەوڵەتییەکان ئەم ڕێکەوتنانە دوای کەوتنی ڕژێمی سەدام حسێن کۆتایی هاتووە چونکە لەگەڵ ئەو ڕژێمە تۆمار کراوە و دەوڵەتی تورک یاسای نەتەوە یەکگرتووەکانی شکاندووە و پابەند نەبووە پێوەی، وە لە ساڵی 2012 حکومەتی ئێراق ئاگاداری داوە بە پەرلەمان کە هیچ ڕێکەوتنێک کە بوار دەدات وڵاتان هێز جێگیر بکەن لە ئێراق نوێ نەکرێتەوە و ئەوەشی هەیە هەڵبووەشێنرێتەوە.

ئەمەی ئێستا ڕوودەدا، کێ بەرپرسە و کێ باجی دەدات؟

بنکەو بارەگاکانی تورکیا لە (دهۆک و زاخۆ و باتیڤا و چیای هەفتەنین و باکووری زاپ و چیای خواکوڕک و باکووری چیای گارە و ئامێدی) و چەندین شارۆچکەی دیکە هەن. وێڕای نەبوونی ڕێکەوتنێکی ڕوون و ئاشکرا کەچی سوپای تورک بە بیانوی هەبوونی پەکەکە خاکی کوردستان دەسووتێنێ و دێیەکان چۆڵ دەکات و خەڵکەکەی ئاوارە دەکات. حکومەتی ئێراقیش بە بێدەنگی ماوەتەوە و بگرە بە پێی زانیارییەکان پاسەوانانی سنوور کە ڕاستەوخۆ سەر بە حکومەتی ئێراقین هاوکاری سوپای تورکیان کردووە، ئامانجی تورکیا داگیرکارییە نەک ڕاوەدوونانی پەکەکە بەڵام پەکەکە بیانووەکەیە بۆ ئەوەی بڵێت شەڕی تیرۆر دەکەن.

پەکەکە سەرەڕای ئەوەی شکستی هێناوە لە جەنگ دژی تورکیا و بە دیموکراتکردنی تورکیا، ئێستا لە باشووری کوردستان بوونەتە هۆکاری هاتنی سوپای تورک و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان.


هەڵوێستی هاوپا:

پەسەندکردنی ئەم داگیرکارییە سەرشۆڕییە، وە دەرخەری ئەو ڕاستییە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها ئەوکاتانە کاریان دەبێت کە بەرژەوەندی زلهێزەکان لە ئارادایە. ڕێکخراوی هاوپا گەنجان لەو مەترسییەی تورکیا ئاگادار دەکاتەوە کە مەترسی نەمانی هەرێم لە ئاکامی هێرشی سوپای بەربەری تورک و هەوڵی نەزۆکانەی پەکەکە هەیە، بۆیە پێویستە هەموان هەڵوێست بگرن لەبارەی هاتنی تورک و مانەوەی پەکەکە لە باشوور.